الملخص:بانكی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە زیاتر لە 207 ملیۆن دۆلاری خستنەبازاڕەوە و بەهای دۆلاریش لەبازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراو روی لەدابەزین كرد.

بانكی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە زیاتر لە 207 ملیۆن دۆلاری خستنەبازاڕەوە و بەهای دۆلاریش لەبازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراو روی لەدابەزین كرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە بانكی ناوەندی عێراق رێژەی خستنەڕوی راگەیاند كە 207 ملیۆن و 217 هەزار و 854 دۆلاری خستۆتەبازاڕەوە، كە 43 ملیۆن و 430 هەزار دۆلاری بەشێوەی كاش و 163 ملیۆن و 787 هەزار و 854 دۆلاریشی بەشێوەی حەواڵەیە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەبازاڕی دۆلارەكەی سلێمانیەوە بە خەندان دراون، بەیانی ئەمڕۆ لەكاتی كردنەوەی بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراو بەهای 100 دۆلار بەرامبەر بو بە 147 هەزار و 200 دینار، بەڵام لەئێستادا بەهاكەی دابەزیوە و بەجۆرێك بەهای 100 دۆلار بەرامبەرە بە 146 هەزار و 900 دینار.
دوێنێ سێشەممە بانكی ناوەندی عێراق رێژەی خستنەڕوی راگەیاند كە 211 ملیۆن و 749 هەزار و 456 دۆلاری خستەبازاڕەوە، كە 45 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری بەشێوەی كاش و 166 ملیۆن و 239 هەزار و 456 دۆلاریشی بەشێوەی حەواڵە بو.
نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان ئەمڕۆ چوارشەممە بەراورد بە دوێنێ كەمێك بەرزبۆوە، دوای ئەوەی چین كە خاوەنی دوەم گەورەترین ئابوری جیهانە، ڕێژەی سودی كورتخایەنی كەمكردەوە و هەروەها بیر لە پاكێجێكی فراوانی ڕێوشوێنی هاندان دەكاتەوە.
بەگوێرەی بۆرسەی جیهانی وزە، نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت هەشت سەنت بەرزبۆوە و گەیشتە 74.37 دۆلار، هەر بەرمیلێك نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەكساسی ئەمریكا بە 69.43 مامەڵەی پێوەكرا و یەك سەنت بەرزبوەوە.
هەڵاوسانی ئەمریكا لە مانگی ئایاردا خاوبوەوە، ئەمەش پشتگیری لەو بیرۆكەیە دەكات كە بانكی فیدڕاڵی یەدەگی فیدڕاڵی بەرزكردنەوەی ڕێژەی سود ڕابگرێت، ئەمڕۆش بەراورد بە مانگی رابردو هەردو جۆرەكەی نەوت بەڕێژەی زیاتر لە 3% بەرزبونەتەوە بەهۆی هیوای بەرزبونەوەی خواست لەسەر سوتەمەنی دوای ئەوەی بانكی ناوەندی چین ڕێژەی قەرزە كورتخایەنەكانی كەمكردەوە.
